خوشك‌و برایانی به‌ڕێز، ئه‌م كاته‌تان باش..
ئه‌مجاره هه‌وڵئه‌ده‌م له‌سه‌ر یه‌كێ له‌پرسه گرنگه‌كانی هه‌رێمی كوردستان قسه‌بكه‌م، كه ئه‌ویش پرسی په‌روه‌رده‌یه.
به‌ختیار زێوه‌ر له‌چله‌كانی سه‌ده‌ی رابوردوا بالۆره‌یه‌كی جوانی بۆ مامۆستا وتوه ئه‌مه‌وێت منیش به‌وه ده‌ستپێبكه‌م كه ئه‌ڵێ:
له‌بیرمه وه‌ك شتی مه‌علوم
مناڵ بوم ئاشقی تۆ بوم
كه مامۆستا‌م له ریز داینام
وتی ئه‌ی خام بنوسه جوان
فیدات بم خاكی كوردستان
به‌ڵێ ئێمه هه‌مومان قه‌رزاری مامۆستایانین، كه‌فێری عه‌شقی كوردستانیان كردوین. پله‌ی مامۆستا له‌ناو كۆمه‌ڵدا ئه‌بێ هه‌میشه به‌رز رابگیرێ. نابێ هه‌رگیز ئێمه خۆبه‌ختكردن‌و فیداكاریی‌و له‌خۆبڕانی مامۆستایانمان له‌بیر بچێ له‌ماوه‌كانی رابردوا به‌تایبه‌تی له‌دوای راپه‌رین، كه حكومه‌تی به‌عس له كوردستان ئیداره‌ی كێشایه‌وه، ئابڵوقه‌ی ئابوریی خسته سه‌ر كوردستان، موچه‌ی كارمه‌ندانی بڕی، مامۆستاكان به‌بێ موچه ماوه‌یه‌كی درێژ له قوتابخانه‌كاندا ده‌وامیان كرد‌و مناڵانی كوردیان په‌روه‌رده ئه‌كرد، هیوایان هه‌بو مه‌جبوربو خانووه‌كه‌ی خۆی بفرۆشێ بۆ ئه‌وه‌ی كه ژیانی مناڵه‌كانی دابین بكات.
بێگومان هه‌رگیز نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت‌و ئه‌بێ هه‌میشه ئێمه به‌ڕێزه‌وه ته‌ماشای مامۆستا بكه‌ین، چونكوم یه‌كه‌مین ده‌رس كه مناڵ وه‌ریئه‌گرێ له‌سه‌ر ده‌ستی مامۆستا وه‌ریئه‌گرێ‌و مامۆستا ئه‌و كه‌سه‌یه كه په‌روه‌رده‌ی ئینسانی كورد ئه‌كات.
بۆ ئه‌وه‌ی له‌كوردستاندا بواری په‌روه‌رده بچێته ئاستی پێویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگاوه ئه‌بێ گرنگییه‌كی تایبه‌تی به كه‌رتی په‌روه‌رده‌و سیسته‌می په‌روه‌رده بدرێ. كاروباری په‌روه‌رده له‌سه‌رده‌می ئێستادا له‌لایه‌نی مادی‌و له‌لایه‌نی په‌روه‌رده‌ییه‌وه به‌هیچ جۆرێك له‌ئاستی پێویستییه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی كوردستانیدا نییه. له‌روی مادییه‌وه چه‌ندین كه‌موكوڕیی هه‌یه له‌وانه:
1-كه‌می بینای خوێندنگه، له‌ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا كه‌می سه‌عاتی خوێندن‌و كورتی مانه‌وه‌ی قوتابی له قوتابخانه‌كاندا.
زۆری خوێندنگه‌كان رۆژانه سێ ده‌وامی تێدایه. له‌به‌رئه‌وه قوتابی رۆژانه دو سه‌عات‌ونیو هه‌لی مانه‌وه‌و خوێندنی هه‌یه له‌ناو قوتابخانه‌كه‌دا له‌گه‌ڵ مامۆستاكانی، ئه‌وی تری ئه‌بێت یا له‌ماڵ بێ یا له‌كۆڵان به‌سه‌ری ببا.
2-نزمی ئاستی گوزه‌رانی مامۆستا. موچه‌ی مامۆستا به‌شی دابینكردنی پێویستییه‌كانی خێزانه‌كانیان ناكا، بۆیه به‌ناچاری له‌پاڵ پیشه‌ی مامۆستایه‌تیدا ئه‌بێ خه‌ریكی پیشه‌یه‌كی تریش بێ بۆ ئه‌وه‌ی مه‌سره‌فی مانگانه‌ی خێزانه‌كه‌ی دابین بكات، كه ئه‌مه‌ش له‌توانای مامۆستا كه‌م ئه‌كاته‌وه.
3-گه‌نده‌ڵی ئیداری كارێكی وایكردوه، هه‌مو پێوه‌ره زانستییه‌كانی دانانی پله جیاوازه‌كانی سیسته‌می به‌ڕێوه‌بردنی په‌روه‌رده‌ی پشتگوێ خستوه‌و دڵسۆزیی بۆ حیزب‌و پشتیوانی‌و ته‌زكیه‌ی حیزبی‌و واسیته‌و مه‌حسوبیه‌ت بۆته پێوه‌ری بڕیارده‌ر.
4-ده‌ستتێوه‌ردانی حیزب له‌كاروباری یه‌كێتیی مامۆستایان بۆ به‌كارهێنانی مامۆستایان له خزمه‌تی حیزب‌دا، یه‌كێتی مامۆستایانی له رێكخراوێكی پیشه‌ی چالاكه‌وه كه دیفاع له ئامانجه‌كانی مامۆستایان بكات، كردۆته ده‌سكه‌لای دیفاع له‌حیزب‌و به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی تاقمێكی بچوك.
ئێمه له لیستی گۆڕان كارئه‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی:
1-گوزه‌رانی مامۆستایان به‌جۆرێك باش بكه‌ین، هه‌مو توانای خۆی‌و كاتی كاری خۆی بۆ په‌روه‌رده ته‌رخان بكا.
2-چاره‌سه‌ركردنی گرفتی كه‌می خوێندنگا ئه‌خه‌ینه سه‌رو پێویستییه‌كان‌و نه‌خشه دائه‌نێین بۆ ئه‌وه‌ی ساڵانه به‌پێی زیادبونی پێویستییه‌كان، بینای تازه بۆ خوێندنگا‌و مامۆستایان دروست بكرێ.
3-مناڵ له‌باتی ئه‌وه‌ی رۆژانه دو سه‌عات‌ونیو له مه‌كته‌ب بمێنێته‌وه، لایه‌نی كه‌م حه‌وت سه‌عات له‌مه‌كته‌ب ده‌وام بكات.
4-یه‌كێتی مامۆستایان ببێته ریكخراوێكی پیشه‌یی كارا‌و چالاك‌و سه‌ربه‌خۆ بۆ خزمه‌تی توێژی مامۆستایان‌و داكۆكی له‌ماف‌و خواسته‌كانیان.
له‌ڕوی په‌روه‌رده‌ییه‌وه ئێمه له لیستی گۆڕان هه‌وڵئه‌ده‌ین بۆ:
1-په‌روه‌رده‌كردنی مرۆڤێك كه باوه‌ڕی به‌خۆی‌و ئیراده‌ی خۆی هه‌بێ. كه‌سێكی ترسنۆك‌و شه‌رمن‌و گۆشه‌گیر نه‌بێ، بتوانێ ئازایانه به‌ئازادیی باسی خۆی‌و دنیای خۆی بكا.
2-په‌روه‌رده‌كردنی ئینسانێ كه دنیا‌و كۆمه‌ڵگا‌و ناوچه‌ی ژیانی خۆی بناسێ.
3-په‌روه‌رده‌كردنی به‌زانست‌و زانیاری هاوچه‌رخ‌و گرنگیدان به فێربونی زمانه زیندوه‌كانی دنیا‌و زمانه گرنگه‌كانی ناوچه‌كه.
4-گرنگیدان به‌فێربونی كۆمپیوته‌رو ئه‌وی له دنیادا پێی ئه‌وترێ پیشه‌سازی زانیاری واتا فێربونی لقه زانستیه نوێیه‌كان.
مامۆستایانی به‌ڕێز، كه‌سوكاری خوێندكاران ئه‌گه‌ر ده‌نگ به لیستی گۆڕان بده‌ن، هه‌وڵئه‌ده‌ین ئه‌م به‌رنامه‌یه جێبه‌جێ بكه‌ین.