خوشك‌و برایانی به‌ڕێز، ئه‌م كاته‌و هه‌مو كاتێكتان باش..
ئه‌مه‌وێ ئه‌م جاره له‌سه‌ر یه‌كێ له‌پرسه گرنگه‌كانی كۆمه‌ڵه‌كه‌مان بدوێم، كه ئه‌ویش پرسی ئافره‌ته.
مه‌به‌ستم له‌ئافره‌ت هه‌م كچه هه‌م ژنه‌و ئه‌مه‌وێ سه‌ره‌تای بابه‌ته‌كه‌م به‌مه ده‌ستپێبكه‌م. ئه‌مه‌وێ به‌گێڕانه‌وه‌ی ئه‌م باسه بچمه ناو بابه‌ته‌كه‌وه.
به‌ر له‌چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ دو كه‌سی پسپۆڕا خه‌ریكی ته‌عدیلی قانونی ئه‌حوالی شه‌خسی‌و قانونی عقوباتی عێراقی‌و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی بڕیاری مه‌جلیسی قیاده‌ی سه‌وره ده‌رباره‌ی قه‌راری غه‌سلی عار بوین، بۆ ئاگاداری خۆم‌و بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ندێ زانیاری كۆبكه‌مه‌وه له‌سه‌ر ژیانی ژنانی ماڵ‌و كارمه‌ندانی ناو دائیره‌كان‌و پرسه ئاڵۆزه‌كانیان، وه‌كو راپرسییه‌كی سنوردار چه‌ند پرسیارێكم به نوسین ئاماده‌كرد‌و دام به چه‌ند ئافره‌تێكی ناسیاوم وه‌ڵامه‌كانیم بۆ بنوسنه‌وه.
دوای ئه‌وه‌ی وه‌ڵامه‌كانم وه‌رگرته‌وه، هه‌ندێك له وه‌ڵامه‌كان ئه‌وه‌نده كاریگه‌ربون تا ئێستاش له‌بیرمدا به‌زیندویه‌تی ماون. یه‌كێكیان له‌كۆتایی وه‌ڵامه‌كانیا نوسیبوی ئای خوایه خۆزگه قه‌ت ژن نه‌بومایه.
ره‌نگه ئه‌م رسته‌یه به‌قوڵترین مه‌عنا ته‌عبیر له ره‌هه‌نده جیاوازه‌كانی كێشه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی، ئابوری، سیاسی‌و رۆشنبیریی ره‌گه‌زی مێینه‌ی كورد بكات.
به‌ڵێ ژنانی كوردستان له‌هه‌لومه‌رجێكی ئه‌وه‌نده ناله‌بار‌و خراپ‌دا ئه‌ژین كه هه‌ندێكیان خۆزگه به‌وه‌ئه‌خوازن ژن نه‌بونایه. ئه‌وان جگه له‌و بێدادیه‌ی وه‌ك هه‌ر هاوڵاتییه‌كی ئه‌م كوردستانه هه‌ستی پێئه‌كه‌ن، له‌ژێر گوشارێكی ئه‌خلاقی‌و كۆمه‌ڵاتی ئه‌وتۆدان كه رێگه‌ی له موباده‌ره‌و داهێنان‌و چالاكییه‌كانیان گرتوه.
زۆر ئاشكرایه كه ده‌رفه‌ت‌و هه‌لی یه‌كسان له‌به‌رده‌م ژنانی كوردستاندا نییه‌و ئه‌وانه‌شی كه له‌بواری گشتیدا كارئه‌كه‌ن روبه‌ڕوی چه‌ندان گوشاری كۆمه‌ڵایه‌تی‌و تانه‌و ته‌شه‌ر‌و ناووناتۆره ئه‌بنه‌وه، كه زۆر ئازاریان ئه‌دات. ئێمه ئه‌زانین ئه‌و چاودێرییه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و ئه‌خلاقییه‌ی به‌سه‌ر ژنانه‌وه‌یه هێنده گه‌وره‌و ناپێویسته كه زۆرێك له ئافره‌تانی والێكردوه خۆیان له‌بواری گشتی به‌دور بگرن‌و به‌شداریی تێدا نه‌كه‌ن. ته‌نانه‌ت ئافره‌تانی ناوماڵیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا كه‌ئه‌ركی سه‌ره‌كیی كاری ناوماڵ‌و رێكخستن‌و چاودێریی مناڵانیان ئه‌كه‌وێته ئه‌ستۆ، به‌ڵام له‌به‌رامبه‌ر ئه‌م ئه‌ركه سه‌خته‌دا هیچ پاداشتێك ناكرێن‌و مافێكی ئه‌وتۆیان نییه.
له‌ڕاستیدا كێشه‌ی ژنانی ناوماڵ كه خۆیان بۆ ژیانی خێزانیی ته‌رخان كردوه‌و كارێكی سه‌ختی بێبه‌رامبه‌ر ئه‌كه‌ن له‌كێشه‌ی ئه‌و ژنانه سه‌خت تره، كه له‌بواری گشتیدا كارئه‌كه‌ن. چونكه له‌لایه‌ك به‌هۆی داخراوی خێزانی ئێمه‌وه كه‌س به‌هیچ یه‌ك له‌و بێدادیانه نازانێت، كه ده‌شێت روبه‌ڕوی ژنانی ماڵه‌وه بێته‌وه، له‌لایه‌كی تریشه‌وه به‌بیانوی حورمه‌تی بواری تایبه‌تی، كه‌س ناتوانێت ده‌ستكاری ئه‌و رێكخستنه كۆمه‌ڵایه‌تییه نا ته‌ندروسته بكات كه ده‌شێت غه‌در له مافه‌كانی ژنانی ماڵه‌وه بكات.
بون‌و نه‌بونی مافی ژنانی ماڵه‌وه په‌یوه‌ندی به‌خێزانه كراوه‌و داخراوه‌كانه‌وه‌یه، نه‌ك به‌یاسا‌و رێساگه‌لێك كه‌ئه‌م په‌یوه‌ندییه رێك ئه‌خات. ئه‌گه‌ر ژنانی ماڵه‌وه نه‌چه‌وسێنرێنه‌وه‌و مافه‌كانیان پارێزراو بێت، ئه‌وا ئه‌مه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ چاكی‌و باشی ژینگه‌ی كۆمه‌ڵایه‌تی ئه‌و خێزانه‌ی تیایا ئه‌ژین‌و ئه‌گه‌ر بچه‌وسێنرێنه‌وه‌و مافه‌كانیان پێشێل بكرێ ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ خراپی ئه‌و ژینگه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی ئه‌و خێزانه‌ی تیایا ئه‌ژی.
ئێمه بڕوامان وایه كێشه‌ی ژنان، ئه‌گه‌رچی ره‌هه‌ندێكی جیهانی هه‌یه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌شێكی په‌یوه‌ندی به‌فه‌رهه‌نگ‌و ئه‌و دابونه‌ریته ناوچه‌ییانه‌وه هه‌یه، كه ژنان تیایا ئه‌ژین.
ره‌هه‌ندێكی جیهانی هه‌یه چونكه ئه‌م كێشه‌یه سه‌رتاسه‌ری جیهانی گرتۆته‌وه‌و تا ئێستاش ژنان له زوربه‌ی وڵاتانی دنیادا له‌پێش ئه‌و گروپانه‌وه‌ن كه هه‌م توندوتیژییان به‌رامبه‌ر ئه‌كرێت‌و هه‌م ده‌ستدرێژیی ئه‌خلاقیان ئه‌كرێته سه‌رو هه‌م وه‌ك كاڵایه‌كی بازرگانی به‌كارئه‌هێنرێن.
ره‌هه‌ندێكی ناوچه‌یشی هه‌یه كه ئه‌گه‌ڕێته‌وه بۆ ئه‌و دابونه‌ریته ناوچه‌ییانه‌ی غه‌در له مافه‌كانی ژنان ئه‌كات‌و ئازادییان پێشێل ئه‌كات. بۆ نمونه تا ئێستاش له‌كۆمه‌ڵی ئێمه پاشماوه‌ی هه‌ندێ دیارده ماون له‌وانه ژن به‌ژن‌و شیربایی‌و ماره‌بڕینی له‌سه‌ر بێشكه، كه هێشتا كه‌م تا زۆر ماوه.
كێشه‌ی ژنان له كوردستاندا له‌دوای راپه‌ڕینه‌وه سیمایه‌كی تازه‌تری وه‌رگرت. چه‌ندان رێكخراوی ژنان په‌یدابون كه به‌ناوی به‌رگریكردن له مافه‌كانی ژنه‌وه ده‌ستیان به خه‌بات و تێكۆشان كرد، به‌ڵام به‌داخه‌وه ئه‌م رێكخراوانه كه ئه‌یانتوانی ده‌ورێكی زۆر گرنگتر له‌چاره‌سه‌ركردنی ئه‌م كێشه‌یه‌دا ببینن به‌هۆی كه‌رتبونی حیزبی‌و پیسبونی ژینگه‌ی سیاسییه‌وه ئه‌و ده‌وره كاریگه‌ره‌یان نه‌بینی، كه ئه‌بو هه‌یانبێ. دیاره ئێمه به‌چاوی رێز‌و ته‌قدیره‌وه ته‌ماشای رۆڵی هه‌مو ئه‌و كادر‌و رۆژنامه‌نوس‌و هه‌ڵسوڕاوانه‌ی بواری ژنان ئه‌كه‌ین كه‌بۆ چه‌سپاندنی مافی ئافره‌ت هه‌وڵ‌و كۆششیان كردوه. ئه‌زانین هه‌ندێكیان بۆ داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت دوچاری هه‌ڕه‌شه‌و مه‌ترسی بونه‌ته‌وه، به‌ڵام كاركردن بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ژنان كورت نابێته‌وه بۆ هه‌ندێك شتی بچوك كه‌زۆرێك له رێكخراوه‌كانی ئافره‌تانی به‌خۆیه‌وه خه‌ریك كردوه.
ئێمه بڕوامان وایه كێشه‌ی ژنان له‌كێشه‌ی كۆمه‌ڵ به‌گشتی جیانابێته‌وه. چاره‌سه‌ركردنیشی په‌یوه‌ندی به‌چاره‌سه‌ركردنی هه‌مو كێشه‌كانی كۆمه‌ڵه‌وه هه‌یه. ناتوانین بڵێین كۆمه‌ڵێكمان هه‌یه بۆ ژنان باشه، به‌ڵام بۆ خوێندكاران‌و لاوان‌و كرێكاران خراپه یان به‌پێچه‌وانه‌وه بۆ ژنان خراپه به‌ڵام بۆ ئه‌وانی تر باشه.
ئێمه بڕوامان وایه ئه‌و سیستمه سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌ی بۆ ژن خراپ بێت بۆ هه‌مو ئه‌وانی تریش خراپه‌و بۆ ژن باش بێت بۆئه‌وانی تریش باش ده‌بێت. لێره‌وه چاككردنی هه‌لومه‌رجی ژنان له‌هه‌مو ئه‌و شتانه‌دا ئه‌بینین كه‌سه‌رجه‌م سیستمه‌كه چاك ئه‌كات، هه‌وڵدان بۆ ژیانێكی باشتر‌و مافی زیاتر بۆ ژنان له‌هه‌وڵدان بۆ ژیانی باشتر‌و مافی زیاتر بۆ گروپه‌كانی تری كۆمه‌ڵ جیانابێته‌وه.
له‌م روانگه‌یه‌وه ئێمه له‌لیستی گۆڕان پێمانوایه بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی ژنان ئه‌بێت له‌دو ئاستدا كاربكه‌ین.
ئاستی یه‌كه‌م په‌یوه‌ندی به‌فه‌رهه‌نگ‌و په‌روه‌رده‌وه هه‌یه. به‌بێ كاركردن بۆ فه‌رهه‌نگێكی كراوه‌و په‌روه‌رده‌یه‌كی تازه‌و هاوچه‌رخ زه‌حمه‌ته ئه‌و وشیارییه كۆمه‌ڵایه‌تی‌و سیاسییه دروست بكه‌ین، كه چه‌وساندنه‌وه‌ی ژنان نه‌هێڵێت‌و رێز له‌مافه‌كانیان بگرێت. به‌تایبه‌تی ئه‌بێت كار له‌سه‌ر سیسته‌می په‌روه‌رده بكرێت‌و له‌قۆناغه‌كانی سه‌ره‌تایی خوێندنه‌وه بیرۆكه‌ی رێزگرتن له‌مافی ئافره‌ت له‌ناو تاكه‌كاندا بچه‌سپێنرێت.
ئاستی دوه‌م په‌یوه‌ندی به‌ده‌وڵه‌ت‌و داڕشتنی ئه‌و یاسایانه‌وه هه‌یه كه مافی ژنان به‌یاسا یاخود به‌قانون رێكده‌خات.
ئێمه له‌لیستی گۆڕان كارئه‌كه‌ین بۆئه‌وه‌ی:
1-قانونێك ده‌ربكرێت بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌حه‌ڕوشی جنسی چونكه بڕوامان به‌وه‌هه‌یه به‌شێك له‌و بێدادیانه‌ی روبه‌ڕوی ژنان ئه‌بێته‌وه په‌یوه‌ندی به‌وه‌وه هه‌یه ژنان وه‌ك سه‌رچاوه‌یه‌كی له‌زه‌تی كاتی ئه‌بینرێن‌و هه‌ندێك كه‌سیش پێگه‌ی مه‌سئولیه‌تی خۆیان بۆ ئه‌م مه‌رامه ناشرینه به‌كارئه‌هێنن.
ده‌ركردنی قانونێك بۆ قه‌ده‌غه‌كردنی ته‌حه‌ڕوشی جنسی ئه‌توانێت رێگرێكی یاسایی بێت بۆ رێبڕین له‌م فه‌ساده ئه‌خلاقییه. چیدی ژنان نه‌بنه قوربانی هه‌ندێك نیازی به‌د.
2-قانونێك ده‌ربكرێت بۆ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ هه‌ڵاواردنی ره‌گه‌زیی، واته مه‌عامه‌له له‌گه‌ڵ ته‌میزی جنسی. له‌م بواره‌دا دو جۆره هه‌ڵاواردن هه‌یه. كه‌یه‌كێكیان سه‌لبیه‌و ئه‌ویتریشیان ئیجابییه.
أ-روه سه‌لبییه‌كه‌ی هه‌ڵاواردن ئه‌وه‌یه نابێت هیچ كه‌سێك جیاوازی له‌نێوان ژن‌و پیاودا بكات. چ له‌ماڵ‌و چ له‌بواری گشتیدا، بۆ نمونه باوك یان به‌ڕێوه‌به‌ر یان مه‌سئول جیاوازیی له‌نێوان نێرومێ‌دا بكات‌و چونیه‌ك‌و یه‌كسان مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا نه‌كات. پێویستمان به‌یاسایه‌كه ئه‌م هه‌ڵاواردنه قه‌ده‌غه بكات.
ب-روه ئیجابییه‌كه‌یشی ئه‌وه‌یه ئه‌و كاته‌ی دو ره‌گه‌زی جیاواز داواكاریی بۆ ئیشێك پێشكه‌ش ئه‌كه‌ن، گه‌ر هه‌ردوكیان هه‌مان مه‌رجیان تیابێت، ئه‌فزه‌لیه‌ت بۆ ژنه‌كه بێت. كاربۆئه‌وه ئه‌كه‌ین یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌م خاڵه ده‌ربكرێت.
3-قانونێك ده‌ربكرێت بۆ دابینكردنی مافه‌كانی ژنانی ماڵ واته مافی كابان. كاربۆئه‌كه‌ین یاسایه‌ك هه‌بێت بۆئه‌وه‌ی كاری ژنانی ماڵه‌وه ئه‌نجامی ئه‌ده‌ن وه‌ك كاری بواری گشتی ته‌ماشابكرێت‌و له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه موچه‌ی بۆ دابین بكرێت.
بۆ نمونه ئه‌و ژنه‌ی كه خزمه‌تی مێردێكی پیر یان باوكێكی پیر یان كه‌مئه‌ندامێكی خێزانه‌كه‌ی ئه‌كات، ئه‌بێت ئه‌م كاره‌ی وه‌ك كار له‌بواری گشتیدا حساب بكرێت‌و موچه‌ی بۆ دابین بكرێت.
4-كێشه‌یه‌كی تر كه روبه‌ڕوی ژنان ئه‌بێته‌وه، نه‌بونی مافی به‌ته‌نیا ژیان‌و به‌ته‌نیا سه‌فه‌ركردنه. پێمانوایه سه‌رخستنی خوێنده‌واریی‌و رۆشنبیربونی ژنان زۆر یارمه‌تیده‌ر ئه‌بێت بۆئه‌وه‌ی بتوانرێت ئه‌م مافانه‌ش به‌یاسا رێك‌بخرێن.
5-به‌شێكی زۆر له‌ڕێژه‌ی نه‌خوێنده‌واریی له‌كۆمه‌ڵدا له‌ژناندایه، كه‌ئه‌مه‌ش چانسی دۆزینه‌وه‌ی كار‌و هه‌لی باشتری كه‌مكردوه‌ته‌وه. نه‌هێشتنی نه‌خوێنده‌واریی‌و كۆمه‌ككردن بۆ زیاتر خوێندنی ژنان یه‌كێك ئه‌بێت له‌و خاڵه گرنگانه‌ی له‌لیستی گۆڕان گرنگی پێئه‌ده‌ین.
خوشكان، دایكان، كچان‌و ژنانی به‌ڕێزی كوردستان لێره‌دا به‌پێویستی ئه‌زانم شیعره‌كه‌ی بێكه‌س كه‌نزیكه‌ی 70ساڵ له‌مه‌وبه‌ر وتویه‌تی به‌بیربهێنمه‌وه كه‌كۆمه‌ڵی كوردی شوبهاندوه به‌مه‌لێ كه‌باڵێكی ژنه‌و باڵه‌كه‌ی تری پیاوه‌و ئه‌ڵێت:
نێر‌و مێ هه‌ردو به‌جوته بۆ وه‌ته‌ن هه‌وڵێ نه‌ده‌ن
دوره ده‌رچونمان له‌دیلی، مه‌ل به‌باڵێ نافڕێ
هیوادارم سه‌ركه‌وتنی لیسته‌كه‌ی ئێمه، لیستی گۆڕان وه‌ك سه‌ركه‌وتنی مافی زیاتر بۆ خۆتان ته‌ماشابكه‌ن. گه‌ر ده‌نگ به‌لیستی گۆڕان بده‌ن، هه‌وڵ ئه‌ده‌ین جیهانێك دروست بكه‌ین كه‌كه‌س تیا نه‌ڵێت: ئاخ خۆزگه ژن نه‌بومایه.