خوشك‌و برایانی خۆشه‌ویست ئه‌م كاته‌تان باش:
بابه‌تی ئه‌مجاره له‌سه‌ر په‌یوه‌ندی نێوان حیزب‌و حكومه‌ت په‌یوه‌ندی نێوان حیزب‌و خه‌ڵك بدوێم.
یه‌كێك له‌وبابه‌ته سه‌ره‌كیانه‌ی كه ئێمه هه‌میشه باسی ئه‌كه‌ین جیاكردنه‌وه‌ی حیزبه له حكومه‌ت، بێگومان ئه‌مه به‌مانای ئه‌وه‌نیه كه ئێمه دژی حیزب و حیزبایه‌تین، به‌ڵكو به‌پێچه‌وانه‌وه ئێمه پێمانوایه هه‌بونی حیزب و ململانێی حیزبی كۆڵه‌كه‌ی ژیانی دیموكراتیه، له‌جیهانی سیاسی ئه‌مڕۆدا بونی حیزبه‌كان یه‌كێكه له پێداویستیه سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌مو رژێمێكی سیاسی، یه‌كێك له مه‌رجه‌كانی دیموكراسیبون، هه‌بونی چه‌ند حیزبێكی سیاسیه كه پێكه‌وه ململانێی هه‌ڵبژاردن بكه‌ن و ئه‌وه‌شی له هه‌ڵبژاردندا ئه‌یباته‌وه، یان خۆی به‌ته‌نیا حكومه‌ت پێكه‌هێنێ یا به هاوپه‌یمانێتی له‌گه‌ڵ حیزبی تردا وه‌زاره‌ت دروست ئه‌كا، به‌ڵام سه‌ره‌تا و پێش هه‌مو شتێ ئه‌بێ جیاوازی له‌نێوان دو دۆخی جیاوازا بكه‌ین كه ئه‌شێ حیزب له‌ناویا ژیابێ و كاری تیاكردبێ ئه‌ویش دۆخی شۆڕش و دۆخی دوای شۆڕشه، حیزب له دۆخی شۆڕشدا كۆمه‌ڵێ ئه‌وله‌ویه‌ت و ئامانجی هه‌یه كه ته‌واو جیاوازه له‌دۆخی دوای شۆڕش، له‌دۆخی شۆڕشا كاری حیزب به‌شێوه‌یه‌كی سه‌ره‌كی خۆ كۆكردنه‌وه و خۆ ته‌یاركردن و خۆ رێكخستنه بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی دوژمن و رزگاركردنی وڵات له داگیركردن و دیكتاتۆریه‌ت، یه‌كێك له كاره گرنگه‌كانی حیزب له‌كاتی شۆڕشدا هاندان و خرۆشاندنی جه‌ماوه‌ره بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین خه‌ڵك دژی دوژمن ئاماده بكا، چونكه دۆخی شۆڕش دۆخی توند‌وتیژی و روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی چه‌كداریه و ئامانجی سه‌ره‌كی و پێش هه‌موشتێك روخان و به‌ره‌نگاربونه‌وه‌ی دوژمنه، پرسی نه‌ته‌وه‌یی و به‌رگری كردن له‌مانه‌وه‌ی نه‌ته‌وه‌و پاراستنی نیشتمان له هه‌مو ئه‌و هه‌ڕه‌شانه‌ی روبه‌ڕوی ئه‌بنه‌وه ئه‌وله‌ویه‌تی سه‌ره‌كی هه‌مو حیزبه رزگاری خوازه‌كانی كوردستان بوه، ئه‌مه وایكردوه روی تیۆری و فكریه‌كانی حیزبی له‌به‌رده‌م ئه‌ركی رزگاركردنی نیشتمانیا پاشه‌كشێ بكا، حیزب له‌كاتی شۆڕشا وێنه‌یه‌كی ته‌واو دروست و زانستیانه‌ی بۆ جیهانی پاش رزگاركردنی وڵات نه‌بوه، چونكه هه‌ر له بنه‌ڕه‌ته‌وه ئه‌م دو قۆناغه ته‌واو لێك جیاوازن و پێویستی به روئیا‌و نه‌خشه‌ی جیاواز هه‌یه ئه‌توانین ئه‌م جیاوازیانه له‌م چه‌ند خاڵه‌یا باسبكه‌ین:
1- ئه‌گه‌ر حیزب له‌كاتی شۆڕشا پێویستی به چه‌كدار‌و هێزی سه‌ربازی گه‌وره و بچوك هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی دژی دوژمن به‌كاری بهێنێ، ئه‌وا له‌دوای دۆخی شۆڕشا ئه‌بێت واز له‌م چه‌كدار كردنه بهێنێت‌و كار بۆ دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی حكومڕانی سیاسی بكا كه تیایدا هێزی چه‌كدار سه‌ر به ده‌زگایه‌كی شه‌رعی بان حیزبی بێت كه ئه‌ویش حكومه‌ته سیاسیه‌كه‌یه كه له‌دوای شۆڕشه‌وه پێكدێت.
2- ئه‌گه‌ر له‌كاتی شۆڕشا‌و به‌حوكمی خه‌باتكردن دژی دوژمن‌و داگیركه‌ر دارایی و ئابوری له‌ده‌ست حیزب و چۆنیه‌تی سه‌رفكردنی به‌ده‌ست كادره‌كانی سه‌ره‌وه‌ی حیزبه‌وه بوبێ، ئه‌وا له‌دۆخی دوای شۆڕش و حكومڕانیا ئه‌بێ واز له‌م ده‌سه‌ڵاته‌ش بێنێ و كاروباری ئابوری به ده‌زگا شه‌رعیه‌كانی وڵات بسپێرێ كه له‌دوای حكومڕانیه‌وه دروست ئه‌بن.
3- ئه‌گه‌ر حیزب له‌كاتی شۆڕشا پێویستی به پڕوپاگه‌نده و ده‌زگای راگه‌یاندنی گه‌وره هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی بتوانێ زۆرترین كاریگه‌ری له‌سه‌ر خه‌ڵك دابنێت و بیانوروژێنێت ئه‌وا له‌كاتی حكومڕانیدا له‌بری وروژاندن پێویستی به عه‌قلانیه‌ت‌و لێكۆڵینه‌وه‌و زانیاری زانستی هه‌یه، ئه‌مه‌ش ده‌سته‌به‌ر نابێ گه‌ر به‌شداری له دروستكردنی هه‌لومه‌رجێكی ئازادی نوسین و لێكۆڵینه‌وه‌دا نه‌كا.
یه‌كێ له‌كێشه سه‌ره‌كیه‌كانی هه‌مو حیزبه‌كانی شۆڕش كه له‌دوای حوكمڕانیه‌وه توشی ئه‌بن ئه‌وه‌یه به‌ئاسانی ناتوانن ده‌ستبه‌رداری ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه بن كه له‌كاتی شۆڕشا هه‌یانبوه، ئه‌مه‌ش وایكردوه زۆربه‌ی حیزبه‌كانی شۆڕش له‌دوای حوكمڕانیه‌وه هێزی سیاسی ناته‌ندروست و داخرا‌و و گه‌نده‌ڵیان لێده‌ربچێت، وای لێدێت كه حیزب كه له‌كاتی شۆڕشا ئامێری گۆڕانكاری و به‌ڵگه‌ی زیندویه‌تی كۆمه‌ڵ بێت، له‌دوای حوكمڕانیه‌وه ئه‌بێته ڕێگرێكی سه‌ره‌كی گۆڕان‌و ده‌زگایه‌كی هه‌ڵاوسا‌و، به‌بڕوای ئێمه حیزب له‌دۆخی دوای شۆڕشا بۆ ئه‌وه‌ی ئۆرگانێكی ته‌ندروست بێت و ده‌ورێكی كاریگه‌ری له كۆمه‌ڵا هه‌بێ، بۆ ئه‌وه‌ی حیزب به‌شێك بێ له چاره‌سه‌رو خۆی نه‌بێ به كێشه و رێگر له‌به‌رده‌م كۆمه‌ڵا، ئه‌بێ چه‌ند سیفه‌تێكی دیاریكراوی هه‌بێت، به‌بڕوای ئێمه حیزب ئه‌و رێكخراوه سیاسیه‌یه كه به‌پێی به‌رنامه‌یه‌كی دیاریكراو هه‌وڵده‌دات زۆرینه‌ی كۆمه‌ڵگا به‌بیروبۆچونه‌كانی خۆی قه‌ناعه‌ت پێ بكات، ئۆرگانێكه كه كار له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كات خه‌ڵك بگه‌یه‌نێته ئه‌و بڕوایه‌ی كه ده‌توانێت به جێبه‌جێكردنی ئه‌م به‌رنامه‌یه ژیانی باشتر، ئازادی زیاتر، دادپه‌روه‌ری گه‌وره‌تریان بۆ دابین بكات، هه‌میشه حیزب به‌شێكه له چاره‌سه‌ر و ئه‌و رێكخراوه‌یه كه پێشنیاری دیاریكراوی بۆ كێشه و گرفت و پرسه كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابورییه‌كان هه‌یه، به‌بێ بونی ئه‌م دید و پێشنیار و به‌رنامه‌یه‌ش كه حیزب وه‌ك پرۆگرامێك پێشكه‌شی ده‌كات، ناتوانین باسی بونی حیزبێكی ته‌ندروس بكه‌ین.
حیزب وه‌ك رێكخراوێكی سیاسی كه هه‌وڵ ده‌دات له پاش لێكۆڵینه‌وه‌ی واقیعی كۆمه‌ڵایه‌تی و سیاسی و ئابوری ئه‌و وڵاته‌ی تیایدا ده‌ژی و له‌پاش ئه‌وه‌ی ده‌ستنیشانی كێشه و گرفت و ئه‌وله‌ویاته‌كانی ده‌كات، له روانگه‌ی خۆیه‌وه پرۆگرامێك بۆ چاره‌سه‌ركردن و ریزكردنی ئه‌و كێشانه پێشكه‌ش بكات، پاشانیش به‌بانگه‌شه‌كردن بۆ ئه‌م پرۆگرامه هه‌وڵده‌دات زۆرترین خه‌ڵك قه‌ناعه‌ت پێ بكات ده‌نگی بۆ بده‌ن.
حیزب ده‌بێت ئۆرگانێك بێت كه ره‌وتی ئازادی بیروڕا مسۆگه‌ر بكات، نه‌ك خۆی زۆربه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندن به سه‌روه‌ت و سامانی خه‌ڵك پاوان بكات و به چاوێكی دوژمانانه‌وه ته‌ماشای راگه‌یاندنێك بكات كه له ده‌ره‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی راگه‌یاندنی خۆیه‌تی.
به‌بڕوای ئێمه حیزب ده‌بێت ئۆرگانێك بێت كه به گوێگرتن و كردنه‌وه‌ی كه‌ناڵه‌كانی به‌ڕوی زۆرترین بیروبۆچوندا هه‌وڵ ده‌دات به‌رنامه‌یه‌ك دابڕێژێت كه وه‌ڵامی داخوازییه‌كانی زۆرینه‌ی خه‌ڵك بداته‌وه، نه‌ك ئۆرگانێك بێت به‌زۆر بیروبۆچونه‌كانی به‌سه‌ر خه‌ڵكدا بسه‌پێنێت، حیزب ده‌بێت ئامێری خه‌ڵكی بێت بۆ به‌دیهێنانی داخوازی و چاوه‌ڕوانییه‌كانی، نه‌ك ئامێرێك بێت بۆ تێركردنی ته‌ماع و ئاره‌زوی كه‌مینه‌یه‌كی بچوكی ده‌سه‌ڵاتدار.
كاری سه‌ره‌كی حیزب سیاسه‌تكردنه‌و له‌م ئاسته‌شدا نابێت ده‌ست بخاته هیچ بوارێكی تره‌وه جگه له سیاسه‌ت، حیزب نابێت ببێت به كۆمپانیایه‌كی سه‌رمایه‌داری كه هه‌وڵی پاوانكردنی بواری ئابوری بدات، نابێت كاراكته‌رێكی رۆشنبیری بێت كه هه‌وڵ بدات هه‌مو ده‌نگه رۆشنبیره‌كان بۆ خۆی بكڕێت، به‌ڵكو ده‌بێت رێ خۆش بكات بۆ ئازادی بیروڕا و بواری رۆشنبیری، حیزب نابێت ده‌ستبخاته ناو هه‌مو بواره‌كانی ژیان و هه‌وڵی كۆنترۆڵكردن و پاوانكردنیان بدات، دۆخێكی له‌م چه‌شنه دوباره‌كردنه‌وه‌ی ته‌جروبه‌ی وڵاتانی ئه‌وروپای رۆژهه‌ڵاته كه سه‌ره‌نجام، روخان.
ئه‌ركێكی تری حیزب، به‌رهه‌مهێنان و پێگه‌یاندنی ئه‌و كادیره سیاسییانه‌یه كه ده‌بێت ده‌زگا سیاسییه‌كان به‌ڕێوه ببات، ئه‌وه حیزبه ئه‌و كادیر و نوێنه‌رانه پێشكه‌ش ده‌كات كه په‌رله‌مان و وه‌زاره‌ت و پۆسته سیاسییه‌كان به‌ڕێوه ده‌به‌ن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌بێت لێره‌دا بیڵێین ئه‌وه‌ی حیزب نابێت سه‌رجه‌م جیهازی ئیداری وڵات بۆ خۆی پاوان بكات و له‌سه‌رو پێوه‌ره‌كانی شایسته‌ییه‌وه هه‌مو ده‌زگای ئیداری وڵات به كه‌سان و خزمه نزیكه‌كانی به‌رپرسه‌كانی حیزب ببه‌خشێت، به‌ڵام ئه‌مڕۆ دیارده‌ی حیزبایه‌تی له كوردستاندا بوه به گرفتێكی راسته‌قینه، بۆ پێشكه‌وتنی كۆمه‌ڵ له‌لایه‌ك و دامه‌زراندنی سیسته‌مێكی دیموكرات و كراوه له‌لایه‌كی تره‌وه.
به‌بڕوای ئێمه گرنگترینی ئه‌و گرفتانه خۆی له‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه‌دا ده‌نوێنێت:
1-حیزب به‌شێوه‌یه‌ك كۆنترۆڵی هه‌مو شتێكی له وڵات‌دا كردوه كه له روی عه‌مه‌لییه‌وه ده‌سه‌ڵاتێكی ئه‌وتۆی بۆ ده‌زگا شه‌رعییه‌كانی وڵات هه‌ر له په‌رله‌مانه‌وه تا ده‌گاته حكومه‌ت نه‌هێشتوه‌ته‌وه، ئه‌وه‌ی له وڵات‌دا بڕیاره چاره‌نوسسازه‌كان ده‌دات، ژوره داخراوه‌كانی سه‌ركرده حیزبییه‌كانن، بڕیاره چاره‌نوسسازه‌كانی ئێمه ده‌ره‌نجامی وتوێژێكی راسته‌قینه نیه له نێوان زیاد له هێزێكی سیاسی‌دا كه له په‌رله‌ماندا نوێنه‌رایه‌تییان هه‌یه تاكو بڕیاره‌كان كۆده‌نگیی نیشتمانی‌یان له‌سه‌ر بێت، به‌ڵكو ده‌ره‌نجامی خواست و ویستی چه‌ند كه‌سێكی سه‌ركرده‌یه كه زۆرجار بڕیاره‌كانیان هیچ كۆده‌نگییه‌كی نیشتمانی‌یان له‌سه‌ر نیه.
2-ئاسایش و پۆلیس و له‌شكر هه‌ر هه‌مویان سه‌ربه حیزبه‌كانن، لێره‌شه‌وه چی كه‌رتبونی حیزبییه دابه‌زیوه‌ته ناو ئه‌م ده‌زگا گرنگانه، ئه‌م دۆخه وایكردوه هه‌ر ناكۆكییه‌كی حیزبی یان هه‌ر جیاوازییه‌كی بیروڕا مه‌ترسی هه‌ڵگیرسانی شه‌ڕی لێبكرێت.
3-ئابوری وڵات له هه‌ره جومگه سه‌ره‌كییه‌كانیدا به‌ده‌ست حیزبه‌وه‌یه، ئه‌وه حیزبه ده‌ستنیشانی بودجه و چۆنیه‌تی سه‌رفكردنی ده‌كات، بڕێكی زۆری ئه‌م بودجه‌یه‌ش له‌لایه‌ن حیزبه‌وه بۆ به‌رژه‌وه‌ندی حیزبی ته‌رخان ده‌كرێت، حیزب ده‌یان و سه‌دان باره‌گای له شوێنه جیاوه‌زاكانی كوردستاندا كردۆته‌وه و به سه‌خاوه‌ته‌وه مه‌سره‌فی هه‌مو ئه‌م باره‌گایانه ده‌كات و بڕێكی زۆری بودجه‌ی وڵات له‌م پێناوه‌دا سه‌رف ده‌كات، كه‌چی سه‌دان قوتابخانه‌مان هه‌یه كه تا ئێستاش دو ده‌وام و سێ ده‌وامی تێدا ده‌كرێت، به‌فیڕۆدانی سامانی كوردستان و كۆنترۆڵكردنی حیزب بۆ بڕێكی زۆری سامانی نه‌ته‌وه‌یی له زه‌وی و زاره‌وه بۆ بودجه‌ی حكومه‌ت له ده‌ستبه‌سه‌رداگرتنی سامانه سروشتییه‌كانه‌وه بۆ رێككه‌وتنامه ئابورییه‌كان دور له ئاگاداری په‌رله‌مان و خه‌ڵكی كوردستان نیشتمانێكی دروست كردوه كه ته‌نها كه‌مینه‌یه‌ك شانسی به‌خته‌وه‌ری و ژیانی باشیان هه‌یه و زۆرینه‌شیان شانسێكی ئه‌وتۆیان نیه
هه‌مو ئه‌م شتانه ده‌بێت بگۆڕدرێن، ده‌بێت نیشتمان موڵكی هه‌موان بێت و هه‌موانیش شانسی یه‌كسان و چونیه‌كیان بۆ باشتركردنی ژیانیان هه‌بێت، حیزب ده‌زگایه‌كی گرنگه به‌ڵام تا ئه‌و كاته‌ی وه‌ك بكه‌رێكی سیاسی ره‌فتار ده‌كات و كۆی بواره‌كانی ژیان بۆ خۆی پاوان ناكات، لیسته‌كه‌ی ئێمه كار بۆ كۆتاییهێنان ده‌كات به‌م سیسته‌مه سیاسییه له رێگای دامه‌زراندنی حكومه‌تێكی په‌رله‌مانییه‌وه كه زاده‌ی هه‌ڵبژاردنی ئازادانه‌ی خه‌ڵكی بێت، په‌رله‌مانێكی به‌ده‌سه‌ڵات كه ئه‌و ده‌ستنیشانی چۆنیه‌تی سه‌رفكردنی بودجه‌ی وڵات ده‌كات و هه‌ر ئه‌ویش له چۆنیه‌تی سه‌رفكردنی ده‌پرسێته‌وه، كار بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ین حیزبیبون چیتر ئیمتیازێكی ئیداری و سیاسی نه‌بێت، له‌شكری خۆی نه‌بێت، دارایی وڵاتی به‌ده‌سته‌وه نه‌بێت، كادیره‌كانی خۆی له‌سه‌رو هاوڵاتیانی تره‌وه دانه‌نێت، ده‌زگایه‌كی سیاسی بێت كه ده‌چێته ململانێیه‌كی كراوه و دیموكراتیانه‌وه له‌گه‌ڵ حییزبه سیاسییه‌كانی تر به‌بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و حیزبه سیاسییانه‌ی تر وه‌ك دوژمن ته‌ماشا بكات.
خوشك و برایانی به‌ڕێز گه‌ر نیشتمانێكتان ده‌وێت موڵكی هه‌موان بێت؟ حیزبه‌كان تیایدا ته‌نها رێكخراوێكی سیاسی بن، نه‌ك هه‌ریه‌كه‌یان حكومه‌تێك بێت بۆ خۆی و به‌پێشمه‌رگه و دارایی تایبه‌تی خۆیه‌وه، گه‌ر نیشتمانێكتان ده‌وێت حیزب تیایدا پێشنیارێكی چاره‌سه‌ر بێت بۆ كێشه‌و داخوازیه‌كانتان؟ نه‌ك كێشه و رێگرێك بێت له‌به‌رده‌م ئاواته‌كاندا، ئه‌وا ده‌نگ به لیستی گۆڕان بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی پێكه‌وه وڵاتێكی تازه به عه‌قڵیه‌تێكی تازه و به ئاسۆیه‌كی تازه‌وه بنیات بنێین.